رووداو – سلێمانی
بەپێی نووسراوێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی لە سلێمانی، چیدی رێگە نادرێت هیچ رێكخراوێك و چالاكوانێكی ژن، سەردانی شێڵتەرەكانی تایبەت بە پاراستنی ژنانی هەڕەشەلێكراو بكات، بە پاساوی دروستنەبوونی كێشە بۆ شێڵتەرەكان.
شۆخان حەمە رەشید، بەڕێوەبەری رێكخراوی هاریكاری یاسایی، رەخنە لەو بڕیارەی چاودێری كۆمەڵایەتی دەگرێت و دەڵێت "ئێمە هەمیشە هاوكاری وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتی كاروباری كۆمەڵایەتی بووین، ئێمە دەزانین لەناو شێڵتەرەكان سیستمێكی دیاریكراو نییە".
شۆخان، نیگەرانە لەو نووسراوەی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی و گوتی "ئێمە كاری یاسایی بۆ ئەو شێڵتەرانە دەكەین، چونكە پێویستیان بە پارێزەرە". هەروەها گوتی "ئێمە هیچ كاتێك بۆ ئەوە نەچووینەتە شێڵتەرەكان كە نهێنی شێڵتەرەكان ببەینە دەرەوە، پێویستە بچینە ناو شێڵتەرەكان، چونكە ئیش لەسەر كەیسەكان دەكەین".
لەدوای بڕیارەكەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری كۆمەڵایەتی، رێكخراوەكانی ژنان هەركاتێك بیانەوێت چاویان بە یەكێك لە كەیسەكان بكەوێت دەبێت ببرێنە نووسینگەكانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، بەڕێوەبەری رێكخراوی هاریكاری یاسایی پێیوایە "بردنی ئەو ژنانە بۆ بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی ژنان باش نییە، چونكە ئاسایشیان پارێزراو نابێت".
جوان عوسمان، چالاكوانی بواری كۆمەڵایەتی لە رێكخراوی ئاسوودە، پێیوایە دەركردنی ئەو بڕیارە دەكرێت بە جۆرێكی دیكە بووایە نەك سەردانكردنی ئەو رێكخراوانە قەدەخە بكات، چونكە ئەوە نیشانەی پرسیار دادەنێ، ناوبراو گوتیشی "ئەگەر بڕیارێكی لەو شێوەیەش دەربكرێت، ئێمە ناوەستین و بەردەوام كلیلمان پێیە بۆ كردنەوەی دەرگاكان، بەردەوام بە ئاگاین لە رەوشی ژنان". هەروەها گوتیشی "ئێمە وەكو رێكخراوی ئاسوودە كە خاوەنی شێڵتەرین، دەزانین ئیشكردن چۆنە".
پێش دەركردنی ئەو بڕیارە، رێكخراوەكانی ژنان هەركات بیانویستایە سەردانی شێڵتەرەكانیان دەكرد و لە دۆسییەكانی نێو شێڵتەرەكانیان دەكۆڵییەوە، بەڵام دوای دەركردنی ئەو بڕیارە بە بیانووی ئەوەی رێكخراوەكان تووشی كێشەیان دەكەن و قسەی نێو دۆسیەكان دەبەنە دەرەوە، یاخود بەڵێنی دەرەوەی وڵاتیان پێدەدەن، بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سەردانكردنی راستەوخۆی ئەو رێكخراوانەی بۆ شێڵتەرەكان قەدەخە كرد، لەمەودوا رێكخراوەكان دەبێت مۆڵەت لە بەڕێوەبەری چاودێری كۆمەڵایەتی وەربگرن و دواتر بچنە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بۆ بینینی كەیسەكان، ئەمەش نیگەرانی رێكخراوەكانی لێكەوتووەوە.
"ناتوانم ناوی هیچ رێكخراوێك بێنم، بەڵام زۆرجار دەستێوەردان هەیە لە ئیش و كارەكانی ئێمەدا"، ئەمە قسەی سەرنج حەمە ساڵح، بەڕێوەبەری چاودێریی كۆمەڵایەتییە. ئەو هیچ رێكخراوێك تاوانبار نەكات، بەڵام گوتیشی "مافی خۆمانە رێگە نەدەین هیچ كەسێك دەست لە كاروباری كارگێڕی ئێمە وەربدات، چونكە زۆرجار كێشە روویداوە".
شێڵتەرەكان، ساڵانێكە بوونەتە شوێنی داڵدەدانی ئەو ژن و كچانەی بە هۆی كێشەی خێزانی و كۆمەڵایەتییەوە هەڵدێن، یان لە رێگەی رێكخراوەكانی ژنان و دادگاكانەوە رەوانەی ئەوێ دەكرێن بۆ ئەوەی پارێزراو بن. بەڵام لە ساڵانی رابردوودا هەندێكجار ئەو شێڵتەرانە لەلایەن خەڵكەوە رووبەڕووی كێشە دەبوونەوە، چونكە داوای رادەستكردنەوەی ژن و كچە داڵدەدراوەكانیان لێدەكردن.
بەڕێوەبەری چاودێری كۆمەڵایەتی ئەوە ناشارێتەوە كە رێكخراوەكانیش كاریگەری خۆیان هەیە "زۆر كێشە هەیە بەتەنیا حكومەت ناتوانێت چارەسەری بكات، زۆر كێشە هەیە پێویستمان بە رێكخراوەكانی ژنان و دەزگاكانی دیكە هەیە هاوكاریمان بكەن " هەروەها گوتی " شێڵتەرەكان بۆ ئەو ژنانە وەك ماڵی خۆیانی لێهاتووە، ماڵیش تایبەتمەندی خۆی هەیە و پێویست ناكات هەموو كەس بچێتە ناو ئەو ماڵە، دەركردنی ئەو بڕیارەش بەو شێوەیە نییە كە هاوكاری رێكخراوەكان وەرنەگرین، بەڵام سنوورێكمان داناوە بۆ هاوكاریكردن".


