رووداو - هەولێر
تەرمی 5 کەسی خێزانێکی پەنابەری رۆژئاوای کوردستان و نیشتەجێی گوندی پیڕەش لە نزیک شارۆچکەی کەسنەزانی سەر بە پارێزگای هەولێر دەدۆزرێنەوە، بەگوتەی ئەوانەی لە نزیکەوە تەرمەکانیان بینیوە، دەڵێن بە بەرد کوژراون.
هادی سەلیمی، پەیامنێری رووداو لە هەولێر رایگەیاند: "ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە 3-10-2019 تەرمی 5 کەسی یەک خێزان لە نزیک گوندی پیڕەش لە شاری هەولێر دۆزرانەوە، خێزانەکە باوکێک و هاوژینەکەی و 3 منداڵیانن و تەمەنی منداڵەکان لە نێوان 3 بۆ 7 ساڵان دەبێت، ئەوان خەڵکی رۆژئاوای کوردستان بوونە و نیشتەجێی گوندی پیڕەشن لە شاری هەولێر".
بەگوتەی شایەتحاڵەکان ئەو خانەوادەیە ماوەی ساڵێک دەبێت لە گوندی پیڕەش نیشتەجێن، پیاوەکە وەستای کاشی بووە. بەگوتەی دراوسێیەکانیش، ئەوان خانەوادەیەکی زۆر بێدەنگ بوونەو خەریکی کاری خۆیان بوونە و کێشەیان لەگەڵ هیچ کەسێکدا نەبووە.
پەیامنێری رووداو دەڵێ، پۆلیس و ئاسایش لەسەر دیارنەمان و شێوازی کوشتەنەکەیان لە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە بەردەوامن، بەگوتەی ئەو کەسانەی لە شوێنی رووداوەکە تەرمەکانیان بینیوە، ئەوان دەڵێن سەرجەمیان بە بەرد لەسەریان دراوە. بەڵام تاوەکو ئێستا هۆکاری کوشتنەکەیان و بکوژی ئەو 5 کەسە دیار نییە.


