وەزارەتی ژینگەی عێراق لە راگەیەنرواێكدا ئاشكرای دەكات لیژنەیەكی هاوبەشیان پێكهێناوە بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی توند بۆ رێگرتن لە هاوەردەكردنی كەلوپەلی بەكارهاتوو.
لەراگەیەنراوێكدا كە وێنەیەكی دەست (رووداو) كەوتووە ئەمیر عەلی حەسون، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی هۆشیاری و راگەیاندنی وەزارەتی ژینگەی عێراق دەڵێت ''ئێمە نامانەوێت رێگری تەواو بكەین لە هاوەردەكردنی كەلوپەلی بەكارهاتوو، بەڵكو دەبێت رێوشوێنی توند بگرینە بەر بۆ هاوردەكردنی ئەو كەلوپەلانە بۆ عێراق، ئەمەش لە پێناو پاراستنی تەندروستی هاووڵاتیان، هەروەها دیاریكردنی جۆری ئەو لەنگانەی هاوەردە دەكرێن، چونكە هەندێ لەوانە پاشماوەی زۆر پیسن و بە ئاسانی لە ناو نابرێن".
عەلی حەسون دەشڵێت:"هاوكات لیژنەیەكی هاوبەشیشمان بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی توند بۆ رێگرتن لە هاوەردەكردنی ئەم كەلوپەلانە پێكهێناوە''.
بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی هۆشیاری و راگەیاندنی وەزارەتی ژینگەی عێراق باس لە هۆكار و گرنگی ئەم هەنگاوە دەكات و دەڵێت ''عێراق لە سەرەتای ئەمساڵەوە پابەندە بە رێكەوتنامەی بازیل و بووەتە ئەندام تێیدا، كە تایبەتە بە گواستنەوە و عەمباركردنی پاشماوەی پیس، چونكە ئەو كەلوپەلانەی هاوەردەدەكرێن جۆرەها مادەی ترسناك لە خۆ دەگرێت و مەترسی زۆری هەیە بۆ سەر تەندروستی هاووڵاتیانی عێراق''.
پێشتر وەزارەتی ژینگەی عێراق هۆشداری دابوو لەمەڕ هاوەردەكردنی لەنگە، چونكە عێراق رێژەیەكی زۆری لێ هاوەردە دەكات، بەرپرسانی وەزارەتی ژینگەش پێیان وایە عێراق بووەتە زبڵخانە بۆ وڵاتانی دیكەو هاوكات لە ناوبردنیشی پارەیەكی زۆری دەوێت، ئەمە جگە لەوەی رێژەیەكی زۆر لەو كەلوپەلانە بێ سوودن و ناتوانرێت جارێكی دیكە بەكار بهێنرێنەوە.



