رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە کە سێ پاسەوانی مۆڵێک لە ئافرەتێک دەدەن بە تۆمەتی ئەوەی دزی کردووە و دواتر کەلوپەلەکانی مۆڵەکەی تێکداوە. لەسەر ئەو بابەتە ئەمڕۆ پۆلیسی کەرکووک لێکۆڵینەوەی لەگەڵ ئەو سێ کەسە کرد و گوتەی لێ وەرگرتن.
رائید عامر نووری، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا، "دەستگیرکراوەکان دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە."
گوتەبێژەکەی پۆلیسی کەرکووک دەڵێت، تۆمەتبارەکان گوتوویانە کە ئافرەتەکە دزی لێکردوون و کاتێک داوایان لێکردووە جانتاکەی بکاتەوە، هەموو کەرەستەکانی شکاندووە.
رائید عامر نووری ئاماژە بەوە دەکات، هەموو ئەو دانپێدانانەی کە سێ پاسەوانەکە باسیان کردووە، لە کامێراکانی چاودێرییەوە تۆمارکراون، بۆیە دادوەر بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرکردوون.

.jpg&w=3840&q=75)
