رووداو دیجیتاڵ
شێخ نەهرۆ کەسنەزانی داوا لە مورید و دەروێشەکانی دەکات بۆ سەردان و بینینی، مۆڵەت لە کەس وەرنەگرن و داوای رێگەپێدان لە کەس نەکەن؛ دەشڵێت، "دەتوانن لە کاتی گونجاودا سەردانی بکەن."
بەپێی نووسراوێکی نووسینگەی بەدواداچوون و ئیرشادی تەریقەتی قادریی کەسنەزانی کە لە رۆژی 13-09-2022 ئاراستەی سەرجەم خەلیفەی تەکیەکانی کەسنەزانی و رێبەر و موریدەکانی کردووە و تایبەتە بە سەردانیکردنی شێخ نەهرۆ کەسنەزانی، ئاماژە بەوە کراوە، "شێخ شەمسەدین محەممەد نەهرۆ کەسنەزانی قادریی حوسێنی، فەرمانی کردووە بە پێڕاگەیاندنی سەرجەم خەلیفە و موریدەکان لە جیهان بەوەی کێ دەیەوێت سەردانی بەڕێزی بکات ئەوا بچێتە تەکیە بەبێ ئەوەی مۆڵەت یان رێگەپێدان لە هیچ کەس وەربگرن، چ لە نووسینگەی بەڕێزیان بێت یان خەلیفەکەی، دەتوانن لەو کاتەی دەگەن لە کاتی گونجاودا سەردانی شێخ بکەن، ئەگەر ئەو گەشتی نەکردبوو بۆ دەرەوەی ئەو وڵاتەی موریدەکە دەیەوێت گەشتی بۆ بکات."
محەمەد فاتیح، رۆژنامەنووسی رێگەپێدراو لە نووسینگەی میدیایی تەریقەتی کەسنەزانی، رۆژی 13-07-2022 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو نووسراوە دوای ئەوە هات، بەشێک لە مورید و دەروێشەکانی تەریقەت، کە بەشێکیان لە وڵاتانی دیکەوە دەهاتن بۆ بینینی شێخ نەهرۆ کەسنەزانی، بەڵام هەندێک لە کەسانی دەوروبەری شێخ و کەسانی دیکە بە پاساوی جیاجیا رێگەیان نەدەدا شێخ ببینن و ئەو دەروێش و موریدانە نیگەرانییان گەیاندووەتە شێخ نەهرۆ، ئەویش بەوە زۆر بێتاقەت بووە و داوایکردووە رێگە بە هەموو کەسێک بدرێت کە دەیەوێت سەردانی بکات."
رۆژی 4ی تەممووزی 2020، شێخ محەممەد شێخ عەبدولكەریم كەسنەزانی رێبەری تەریقەتی قادری لە تەمەنی 82 ساڵیدا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریكا كۆچی دواییكرد، رۆژی هەینی 10ی تەممووزی 2020 تەرمەکەی هێندرایەوە و لە سلێمانی بەخاكسپێردرا، هەمان رۆژ مورید و دەروێشانی تەکیە بەیعەتیان بە شێخ نەهرۆ کەسنەزانی دا و بووە رێبەری نوێی تەریقەت.
بەپێی راگەیێندراوەکانی تەریقەتەکە، لە بەشێکی زۆری وڵاتانی جیهان دەروێش و موریدیان هەیە و بە سەدان ملیۆن کەس پەیڕەوکاری تەریقەتەکەن، کە بارەگای سەرەکی و شوێنی نیشتەجێبوونی شێخ نەهرۆ کەسنەزانی لە ناوجەرگەی شاری سلێمانییە.



