رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ یەکشەممە 3ی تەممووزی 2022 پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە پێنجەم کۆنگرەی ئاسایی خۆی لە ئەنقەرە دەبەستێت.
کۆنگرەکە لەژێر دروشمی "ئێمە چارەسەرین" بە بەشداریی 50 هەزار ئەندام و لایەنگری هەدەپە بەڕێوەدەچێت؛ هەزار و 50 کەس ئەندامی کۆنگرەن. هەریەک لە کۆنگرەی دیموکراتی گەلان - هەدەکە، کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراسی - دەتەکە و پارتە هاوپەیمانەکانی هەدەپە، پارتەکانی جەهەپە، دێڤا، ئاییندە، سەعادەت، تەک پارتی، پارتی چەپ، پارتی کۆمیۆنیستی تورکیا، نوێنەرانی هاوپەیمانیی کوردستان، ژمارەیەکی زۆر نووسەر، رۆژنامەڤان، هونەرمەند و نوێنەری 400 رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی و سەندیکا و 100 نوێنەری پارتە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەوروپا، ئەفریقا و ئەمریکای لاتین بانگهێشتی کۆنگرەکە کراون.
لە کۆنگرەکەدا ژمارەیەک ماددە و بڕگەی پەیڕەوی ناوخۆ هەموار دەکرێنەوە، لەوانەش هەمواری خۆبەربژێرکردنەوەی هەردوو هاوسەرۆک. تاوەکو ئێستا تەنیا یەکێک لە هاوسەرۆکان مافی خۆبەربژێرکردنەوەی هەیە، بەڵام ئەگەر هەموارەکە بکرێت و گۆڕانکارییەکە دەنگی ئەندامان بەدەستبهێنێت، لەمەودوا هەردوو هاوسەرۆک ئەو مافەیان دەبێت.
لە سەرەتای مانگی ئایاردا هەدەپە رێکخستنەکەی لە سەرانسەری باکووری کوردستان و تورکیادا بەسەر حەوت بازنەدا دابەشکرد و لیژنەی سەرەکیی بەڕێوەبردنی کاروباری کۆنگرەی بۆ ئەو ناوچانە دامەزراند؛ رۆژانە لەڕێگەی حەوت لیژنەی لاوەکییەوە کارەکان رادەپەڕێندران؛ لیژنە لاوەکییەکان رۆژانە راپۆرتیان بۆ لیژنەی سەرەکی بەرز دەکردەوە و لیژنە سەرەکییەکەش راپۆرتی هەفتانەی خۆی ئامادە دەکرد و پێشکێشی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی دەکرد.
لە کۆنگرەکەدا ئەندامانی سەرکردایەتی، ئەنجوومەنی حیزب (مەکتەبی سیاسی) و هاوسەرۆکان هەڵدەبژێردرێن. بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی هەدەپە، لە هەر کۆنگرەیەکدا بەپێی پێوەرێکی دیاریکراو، 50%ی ئەندامانی سەرکردایەتی دەگۆڕدرێن و کەسانی نوێ هەڵدەبژێردرێن.
ئێبرو گونای، گوتەبێژی هەدەپە دەڵێت، بۆچوونی گشتی بۆ ئەو ئاراستەیەیە میدحەت سانجار و پەروین بوڵدان درێژە بە ئەرکی هاوسەرۆکی بدەن و گوتی، سەرکردایەتییەکی چوست و چالاک و کارا هەڵدەبژێردرێت بۆ درێژەدان بە خەبات و تێکۆشان.
پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە
15-10-2012 دامەزراوە؛ یاڤوز ئۆنەن و فاتمە گۆک یەکەم هاوسەرۆکانی ئەو پارتە بوون کە ئێستا نزیکەی 44 هەزار ئەندامی هەیە. هەدەپە بە پارتێکی فەرمیی تورکیا خۆی ناساندووە و خۆی بە نوێنەری کورد دەزانێت، سێیەمین فراکسیۆنی گەورەی پەرلەمانی تورکیایە و پارتێکی چەپی سۆسیال دیموکراتە.
پرسی کورد
لە بڕگەی (11)ی ماددەی دووەمی پەیڕەوی نێوخۆیی هەدەپەدا باسی کورد کراوە و هاتووە: "دەستەبەرکردنی ئاشتەوایی هەمیشەیی بۆ گەلی کورد، هەروەها تێکۆشان لەپێناو چارەسەری دیموکراسییانەی پرسی کورد لە چوارچێوەی مافەکانی کۆمەڵگەدا ئامانجمانە."
کۆنگرەکانی هەدەپە
- رۆژی 27ی تشرینی یەکەمی 2013 یەکەم کۆنگرەی بەست و سەباحەت تونجەل و ئەرتوغروڵ کورکچوو بە هاوسەرۆک هەڵبژێردران.
- رۆژی 22ی حوزەیرانی 2014 دووەم کۆنگرەی بەست و فیگەن یوکسەکداخ و سەلاحەدین دەمیرتاش بە هاوسەرۆک هەڵبژێردران.
- رۆژی 20ی ئایاری 2017 سێیەم کۆنگرەی بەست و سەرپیل کەمالبای و سەلاحەدین دەمیرتاش بە هاوسەرۆک هەڵبژێردران.
- رۆژی 11ی شوباتی 2018 یەکەم کۆنگرەی نائاسایی بەست و پەروین بوڵدان و سەزای تەمەللی بە هاوسەرۆک هەڵبژێردران.
- رۆژی 23ی شوباتی 2020 چوارەم کۆنگرەی ئاسایی بەست و پەروین بوڵدان و میدحەت سانجار بە هاوسەرۆک هەڵبژێردران.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی
- لە هەڵبژاردنی حوزەیرانی 2015دا 13,12%ی دەنگەکانی بەدەستهێنا و 80 کورسیی پەرلەمانی بردەوە
- لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی تشرینی دووەمی 2015دا 10.78%ی دەنگەکانی بردەوە و 59 کورسیی بەدەستهێنا
- لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی 2018دا 67 کورسیی پەرلەمانی بەدەستهێنا
- ئێستا لە پەرلەمانی تورکیا 56 کورسیی هەیە
- سێیەم گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانییە



