رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند؛ بریكاری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، کە پشکی پارتییە دەستبەكاربوو.
حوسێن حەمەکەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رۆژی چوارشەممە 26/8/2020، لە رێورەسمێکدا بە ئامادەبوونی وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت، كەریم سلێمان، وەکو بریكاری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو دەستبەکاربوو."
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بەخێرهاتنی بریكاری وەزارەتی كرد، بەناوی ئەنجوومەنی راوێژكاری وەزارەت پیرۆزبایی ئاراستە كرد. پاشان تیشكی خستەسەر هەنگاوەكانی وەزارەت لەماوەی رابردوو بۆ بەرەو پێشبردن و بووژانەوەی كەرتی كشتوكاڵ و ئاودێری و گوتی: بەهەماهەنگی و یەك تیمی دەتوانین سەركەوتووبین لە بەرەوپێشبردنی كەرتی كشتوكاڵ و ئاودێری، بەم نیەتەش دەستمان پێكردووە و بەردەوام دەبین."
پاشان كەریم سلێمان، بریكاری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو سوپاس و پێزانینی ئاراستەی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو كرد، ئاماژەی بەوەشكرد، دەتوانین بەیەكەوە خزمەتی كەرتی كشتوكاڵ بكەین و ئامانجیشمان بەرەوپێشبردنی ئەم كەرتەیە.
لە کابینەی پێشوودا وەزارەتی کشتوکاڵ بە دەست کۆمەڵی ئیسلامییەوە بوو، بەڵام دوای کشانەوەی کۆمەڵ لە حکومەت، ئەو وەزارەتە بە وەکالەت بەڕێوەدەبردرا. لەو کابینەیەش وەزارەتەکە درایە یەکێتی.



