رووداو دیجیتاڵ
بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایدەگەیێنێت، ژینگە و کشتوکاڵی عێراق بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا زیانی زۆریان پێگەیشتووە و دروستکردنی بەنداو و گرتنەوەی ئاو لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە داهاتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراقیان کەمکردووەتەوە و، بەهۆی ئەو گۆڕانکارییانەشەوە ئەمساڵ رووبەری زەوییە کشتوکاڵییەکان زۆر کەمبووەتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 16-11-2022، د. مەهدی جبووری، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق میوانی بووڵتەنی هەواڵەکانی کاژێر 14:00ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە هەوراز گوڵپی پێشکێشی دەکات.
سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و ئەو زیانەی بەر کەرتی کشتوکاڵ لە عێراق کەوتووە، د. مەهدی جبووری گوتی: "ماوەی سێ ساڵە لەسەر یەک عێراق و ناوچەکە بە گشتی رووبەڕووی وشکەساڵی بوونەتەوە، ئەمەش وایکردووە ئەو رووبەرە کشتوکاڵییە داچێندراوە کەمتر ببێتەوە. پێش دوو ساڵ پلانی کشتوکاڵی پێنج ملیۆن دۆنم بوو، ساڵی رابردوو کەمبووەوە بۆ دوو ملیۆن و 500 هەزار دۆنم، واتە بە رێژەی 50٪ دابەزی، ئەمساڵیش جارێکی دیکە لە دوو ملیۆن و 500 هەزار دۆنمەوە دابەزی بۆ ملیۆنێک دۆنم. ئەمەش بەهۆی وشکەساڵی و کەمیی بارانباران و کەمبوونەوەی سەرچاوە ئاوییەکانی هەردوو رووباری دیجلە و فورات".
بەگوتەی د. مەهدی جبووری، گۆڕانی کەشوهەوا تەنیا کاریگەری لەسەر رووبەری زەوی کشتوکاڵی نەبووە، بەڵکو کاریگەری لەسەر ژینگەی شارەکانیش هەبووە، بەهۆی کەمبوونەوە و وشکبوونی زۆنگاوەکان لە باشووری عێراق زیان بە هەزاران راوچی کەوتووە.
بەبڕوای بریکارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق گرتنەوەی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق لەلایەن ئێران و تورکیاوە کاریگەری زۆری لەسەر سەرچاوەکانی ئاوی عێراق هەبووە و دەڵێت: "کەمبوونەوەی سەرچاوە ئاوییەکان پەیوەندی بە وشکەساڵی و دروستکردنی بەنداو هەیە لەلایەنی تورکیا و ئێرانەوە، کە ئاوەکەیان بە تەواوەتی گرتووەوە، ئەمەش بێگومان کاریگەری لەسەر سەرچاوە ئاوییەکان عێراق هەبووە، ئەمەش کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی رووبەری زەوییە کشتوکاڵییەکان و سامانی ئاژەڵی هەبووە لە عێراق".
لەبارەی بڕی گەنمی بەرهەمهاتوو لەمساڵدا و پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی لە بەرهەمی گەنم هەبووە، د. مەهدی جبووری گوتی: "پێش دوو ساڵ 5 بۆ 3 ملیۆن و 500 هەزار تۆن، ساڵی رابردووش دوو ملیۆن و 500 هەزار تۆن گەنممان لە جووتیاران کڕییەوە، بەمەش توانیومان 70-80٪ی پێویستی ناوخۆ پڕ بکەینەوە. لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا عێراق هیچ بڕە ئاردێکی هاوردە نەکردووە، هەروەها گەنمیشی هاوردە نەکردووە لە هیچ وڵاتێک، هاوردەکردن لە ئارد و گەنم سفر بووە، چونکە ئەو گەنمەی هەبووە پێویستی نێوخۆی پڕکردووەتەوە، بەڵام ئەمساڵ وەزارەتی بازرگانی گرێبەستی لەگەڵ ژمارەیەک دامەزراوە کردووە بۆ هاوردەکردنی گەنم بۆ پڕکردنەوەی ئەو بڕەی کەم دەکات".
سەبارەت بە هاوئاهەنگییەکانیان لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان و پرسی قەدەخە لەسەر بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ ناوچەکانی باشوور و نێوەڕاستی عێراق، د. مەهدی جبووری دەڵێت، "لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا چەندین کۆبوونەوە لەنێوان بەرپرسانی هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق و هەرێمی کوردستان هەبووە بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکان، سەرجەم ئەو بەروبوومانەی لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێندرێن بە بەرهەمی نێوخۆیی ئەژمار کراون، واتا کۆتایی بەو بڕیارانە هێندران کە لە رابردوودا لەو بارەوە درابوون لەسەر ئەو بەروبوومانەی لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێندران، بابەتی مۆڵەتپێدان و رێگەپێدانیان بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق، ئێستا ئەو کێشانە نەماون، هەم بۆ بەروبوومە کشتوکاڵییەکان و هەم ئاژەڵییەکان چ لە باکوورەوە بۆ باشوور و چ بە پێچەوانەشەوە".


