رووداو دیجیتاڵ
جەیمس گەن، دەرهێنەری ئەمریکی رایگەیاند، وێنەگرتنی بەشی سێیەمی زنجیرە فیلمی سینەمایی 'Guardians Of The Galaxy' کۆتایی هاتووە و بڕیارە لە 5-5-2023 لە سینەماکانی جیهاندا پێشانبدرێت.
بەرهەمەهێنانی بەشی سێیەمی ئەم بەرهەمە سینەماییە، لە دوای تێپەڕبوونی شەش ساڵ بەسەر بەرهەمهێنانی بەشی دووەمیدا دێت.
ئەم بەرهەمە سینەماییە بەر لە نمایشکردنی لە سینەماکاندا، توانی ژمارەیەکی پێوانەیی تۆماربکات، ئەویش بە بەکارهێنانی زۆرترین کەرستەی ماکیاژ لە کاتی وێنەگرتندا.
پێشتر ئەم ژمارە پێوانەییە لە فیلمی 'Dr. Seuss' تۆمارکرابوو و زۆرترین کەرستەی ماکیاژ بەکارهاتبوو و لە 2000 بڵاوکرایەوە.
لە بەشی نوێی 'Guardians Of The Galaxy'ـدا، هەریەک لە کریس پارت، زۆی ساڵدانا و دەیڤ باوتیستوا رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن.
ئەم بەرهەمە ئەکشن و کۆمێدییە، باس لە یەکگرتنی ژمارەیەک تاوانبار دەکات لە پێناو رێگریکردن لە جەنگاوەرێکی دەمارگیر کە پلانی لە ناوبردنی گەردوونی هەیە.
بەشی یەکەمی ئەم بەرهەمە بەناوی 'Guardians of the Galaxy'ـە لە 2014 بڵاوکرایەوە، بودجەی بەرهەمهێنانی 170 ملیۆن دۆلار بووە، داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا 773 ملیۆن و 350 هەزار دۆلار بووە.
جەیمس گەن، لە 5-8-1966 لە ئەمریکا لە دایکبووە، ئەکتەر و دەرهێنەری سینەماییە، لە نێوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو، نووسەری سیناریۆ بووە، دواتر رووی لە کاری دەرهێنان کردووە، یەکەم فیلمی بەناوی 'Slither' لە 2006 بەرهەمهێنا و لە جۆری بەرهەمە ترسناکەکانە.



