رووداو دیجیتاڵ
نۆ کتێبی چاپکراوی نووسەر و لێکۆڵەری کورد جەبار جەمال غەریب چاپدەکرێنەوە، کە یەکێکیان سێ مانگ لەمەوبەر چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
نووسەر و لێکۆڵەر جەبار جەمال غەریب بە رووداوی گوت: نۆ کتێبی چاپکراوم، دووبارە چاپدەکرێنەوە کە پێکهاتوون لە حەوت رۆمان و دوو لێکۆڵینەوە کە یەکێکیان تایبەتە بە چیرۆکەکانی ناو تەورات و ئەوی دیکەشیان ژیانی شاعیری نەتەوەیی دڵدارە.
جەبار جەمال غەریب گوتی: "رۆمانی کەوتنی ئاسمانەکان، نزیکەی هەشت ساڵ لەمەوبەر چاپکراوە، رۆمانی بنووسە خوێن-یش سێ مانگە چاپکراوە، ئێستا هەموویان لە کتێبخانەکاندا بە زەحمەت دەستدەکەون، لەسەر داوای خوێنەران بڕیارماندا هەموویان چاپبکەینەوە".
ئەو نووسەرە ئاماژە بەوە دەکات، سەرەڕای کەمبوونەوەی داخوازی لەسەر کتێبی کاخەز لە جیهان و قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئێستاش لە هەرێمی کوردستان خواستێکی زۆر لەسەر کتێب هەیە، ئەمەش وایکرد بڕیاری چاپکردنەوەی کتێبەکانی بدات.
جەبار جەمال غەریب، نووسەر و لێکۆڵەر، لە ساڵی 1961 لە قەڵادزێی سنووری پارێزگای سلێمانی لە باشووری کوردستان لە دایکبووە. لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردوو دەستیکردووە بە نووسین.
لە سەرەتاوە چیرۆکی نووسیوە، بەڵام دواتر دەستیکردووە بە نۆڤێڵ نووسین و دواتریش دەستی بە نووسینی رۆمان کردووە.


