رووداو - هەولێر
گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایدەگەیێنێت، حکومەتی ئێستا بەردەوامە لە ناردنی بڕەپاریەک بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی داهاتووش، ئایندەی ئەو دۆسیەیەیە دیاریدەکات.
سەعد حەدیسی، گوتەبێژی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، حکومەتی ئێستا بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی "بە شێوەیەکی رێکوپێک" بەردەوامە لە ناردنی بڕەپارەیەکی تایبەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان.
حەدیسی ئاماژەی بەوەشکرد، "پرۆسەکە بەپێی ئەو رێککەوتنە بەڕێوەدەچێت کە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە. هیچ زانیارییەکیشم نییە لەبارەی ئەوەی حکومەتی داهاتوو، مووچە دەنێرێت یاخود نا، ئەوە پرسێکی تایبەت بە حکومەتی داهاتووی عێراقە".
گوتەبێژی نووسینگەی عەبادی دەشڵێت، هیچ زانیارییەکی لەبارەی ئەو هەواڵانە نییە، کە باس لەوە دەکرێت لەدوای کۆتاییهاتنی ویلایەتی عەبادی، "بەغدا ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رادەگرێت".
بەپێی رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، مانگانە بەغدا بڕی 317 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە رەوانەدەکات. حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە پارەی نەوت بەشەکەی دیکەی مووچە دابیندەکات.
داڕشتنەوە: حەکیم داود



